1677
2015-03-17
چۆنیه‌تى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلى بار هه‌ڵگر

                                           شوفێرانى بارهه‌ڵگر
خۆ به‌دوور گرتن له‌ توش بوون به‌ ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ  یه‌كێكه‌ له‌م ئامانجانه‌ى كه‌ پێویسته‌ هه‌موو شوفێرێك هه‌وڵى بۆ بدات
وه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو پۆلیسى هاتوچۆ هاوكار ده‌بین بۆ شوفێرانى به‌ڕێزمان وه‌ ڕێنماییان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دوور بن له‌ رووداوه‌كان.
وه‌ ڕێنمایى ئه‌مجاره‌مان بۆ شوفێرانى بارهه‌ڵگره‌كانه‌ به‌ تایبه‌تى شوفێرى ئه‌م بارهه‌ڵگرانه‌ى كه‌ له‌ سنووره‌كانه‌وه‌ كه‌ڵ و په‌ڵ دێنن بۆ شاره‌كانمان یان ئه‌و شوفێرانه‌ى كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆرى كات له‌پشتى ستێرنى بارهه‌ڵگره‌كانیان ده‌مێننه‌وه‌ .
كه‌ ئه‌م مانه‌وه‌ زۆره‌یان وه‌ مه‌شغول بونیان به‌ لێخوڕینى بارهه‌ڵگره‌كانیان تووشى هیلاكیه‌كى زۆریان ده‌كات و وا پێویست ده‌كات كه‌ ماوه‌ ماوه‌ ئیسراحه‌تێك و حه‌سانه‌وه‌یه‌ك به‌ خۆیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى تووشى ڕوداوى هاتوچۆ نه‌بن .
چونكه‌ ئه‌وه‌ى زانراوه‌ له‌ ڕووى زانستییه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ به‌هیلاك بوونى جه‌سته‌ى زوتر پێویستى به‌ ئیسراحه‌ت و خه‌وتن ده‌بێت بۆئه‌وه‌ى وزه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ له‌شى وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌ركیزى نامێنێت و كۆنترۆل له‌ده‌ست ده‌دات .
جا بۆئه‌وه‌ى ئه‌م حاله‌ته‌ ڕونه‌دات واتا نه‌مانى ته‌ركیز ڕونه‌دات .
به‌ر له‌وه‌ى ئه‌م حاله‌ته‌ ڕوبدات چه‌ند نیشانه‌یه‌ك به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر شوفێر پێویسته‌ له‌سه‌رشوفێران له‌ به‌ده‌ر كه‌وتنى ئه‌م نیشانانه‌ ئاگادار بێت و له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان كاردانه‌وه‌ى پێویست بكات كه‌ ئه‌ویش ئیسراحه‌ت كردنه‌ .
وه‌ یه‌كێك له‌ نیشانه‌ زۆر زه‌قه‌كان كه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر شوفێرى هیلاك لاواز بوونى بیركردنه‌وه‌یه‌ وه‌ نه‌زانینه‌ له‌ هه‌ڵس و كه‌وت كردن .
نیشانه‌ى دووه‌م : باوێشك هاتن و حه‌زكردنێكى قووڵ بۆ خه‌و .
نیشانه‌ى سێیه‌م: لێنه‌خوڕین به‌یه‌ك خێرایى واتا خێرا كردن و هێور كردنه‌وه‌ وه‌ نه‌ڕۆیشتن وه‌كو بارێكى ئاسایى.
نیشانه‌ى چواره‌م : هه‌ست كردن به‌شڵ بوونى  ماسولكه‌كانى شان و مل وه‌هه‌ست كردن به‌ كه‌وتنى سه‌ر بۆ سه‌رسنگ.
كه‌ ئه‌وه‌ زه‌نگه‌ خه‌ته‌ره‌كه‌یه‌ و لێره‌ ده‌بێت شوفێر به‌بێ بیركردنه‌وه‌ بوه‌ستێت و له‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ى بێته‌ خواره‌وه‌ وه‌ هه‌وڵ بدات چایه‌ك بخواته‌وه‌ و تۆزێك بجولێت و هه‌واى پێ بكه‌وێت وه‌ ئه‌گه‌ر ئاوى له‌لا بوو ده‌م و چاوى بشوات و چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك بمێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ستى به‌وه‌ كرد كه‌وا سه‌ر له‌نوێ وزه‌ى هاته‌وه‌ له‌ش
 ئه‌وا ده‌توانێت دوباره‌ لێ بخوڕێته‌وه‌ , ئه‌گه‌رنا پێویسته‌ سه‌رخه‌وێك بشكێنێت وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ نه‌كات و سه‌رخه‌وێك نه‌شكێنێت و دووباره‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ى لێبخوڕێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ تووشى ڕوداوێك یان كاره‌ساتێك بێت و تووشى خه‌وێكى یه‌كجاره‌كى بێت كه‌مردنه‌ .
وه‌ شتێكى زۆر گرنگ هه‌یه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت به‌ شوفێرانى به‌ڕێز بڵێم كه‌وا حه‌ز كردن به‌ خه‌و یان ئیسراحه‌ت كردن دواخستن یان تاجیل كردنه‌وه‌ى بۆ نییه‌.
بۆ نموونه‌ شوفێرێك له‌ سنورى پێنجوێنه‌وه‌ بارێكى قورس له‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ى هه‌ڵده‌گرێت و به‌ره‌و هه‌ولێر دێت.
 كه‌ ئه‌وه‌ وا پێویست ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر خۆ لێبخوڕێت بۆیه‌ له‌ ڕێگا هیلاك ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ به‌رله‌ گه‌یشتنى بۆ هه‌ولێر   بۆ نموونه‌ له‌ كۆیه‌ هه‌ست به‌ هیلاكى بكات
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م شوفێره‌ پێویسته‌ كه‌ بیكات
وا بیر نه‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆرى نه‌ماوه‌ بگاته‌ هه‌ولێر و كه‌ گه‌یشت به‌ یه‌كجارى ئیسراحه‌تى ده‌كات به‌لكو یه‌كسه‌ر له‌ كۆیه‌ ئیسراحه‌تێكى كورت وه‌ربگرێت با نزیكیش بوبێته‌وه‌ ، چونكه‌ وه‌كو باسمان كرد حه‌ز یان ئیسراحه‌ت كردن دواخستنى بۆ  نییه‌ ، چونكه‌ له‌ لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌كه‌ لێخوڕین به‌ هیلاكى هیچ جیاوازیه‌كى نییه‌ له‌گه‌ڵ لێخوڕین له‌ ژێر كاریگه‌رى مادده‌ سه‌رخۆشكه‌ره‌كان .
وه‌ هه‌ڵس و كه‌وتێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت برایانى شوفێر لێى به‌ دوور بن كه‌ هه‌ندێكیان زۆر به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون و كه‌ هیلاك بن له‌كاتى لێخوڕین بۆ ئیسراحه‌ت كردن هه‌ڵده‌ستن بوتلێك بیره‌ ده‌خۆنه‌وه‌ و ده‌ڵێن به‌ ئاگامان ده‌هێنێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ قوڕه‌كه‌ تیر تر ده‌كه‌ن .

 

                 ڕائیدى هاتوچۆ
            فاضل حاجى حسین
به‌رپرسى به‌شى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر