2075
2014-12-10
ئاگر كوژێنه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانى توندو تۆڵى ...

ئاگر كوژێنه‌وه‌
    به‌ڕێزان ئه‌م ئامێره‌ى ئاگر كوژێنه‌وه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانى توند و تۆڵى و سه‌ڵامه‌تى له‌ گشت سوارڕۆیه‌كان كه‌ هه‌رگیز ناتوانین ده‌ست به‌ردارى بین هه‌رچه‌نده‌ مه‌رجه‌كانى سه‌ڵامه‌تى له‌ ئۆتۆمبێله‌كان هه‌بن و هه‌رچه‌نده‌  سوارڕۆیه‌كه‌ زۆر به‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كى به‌رزیش دروست كرابێت به‌ڵام بوونى ئاگر كوژێنه‌وه‌ هه‌ر پێویست و تاكه‌ زامنه‌ بۆ ئه‌گه‌رى دروست نه‌بوون و ته‌شه‌نه‌ نه‌كردنى ئاگره‌كان كه‌ ئاگر به‌گشتى له‌ سوارڕۆیه‌كان به‌چه‌ند هۆكارێك ڕوو ده‌دات :
   یه‌كه‌م هۆكار : به‌رز بوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمییه‌ به‌گشتى له‌ هه‌وادا كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیه‌وه‌ به‌رز بوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى بزوێنه‌رى ئۆتۆمبیله‌كه‌ ده‌هێنێت كه‌ ئه‌م هۆكاره‌ یه‌كه‌م هۆكارى یارمه‌تى ده‌ره‌ بۆ دروست بوونى ئاگر له‌ سوارڕۆیه‌كان .
   وه‌ بۆ دروست نه‌بوونى ئه‌و حاله‌ته‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ ئاگامان له‌ ڕێژه‌ى ئاوى پێویست بێت له‌ناو ڕادێته‌رى ئۆتۆمبیله‌كان كه‌كارى هێنانه‌ خواره‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى بزوێنه‌ره‌كان واتا(مه‌كینه‌كانه‌).
   دووه‌م هۆكار بۆ دروست بوونى ئاگر: خراپى سیسته‌مه‌ كاره‌باییه‌كان له‌ ئۆتۆمبێله‌كان وه‌ هه‌روه‌ها خراپى بارى وایه‌ره‌كان كه‌ وزه‌ى كاره‌با ده‌گوازنه‌وه‌ له‌ناو سیسته‌مه‌كانى ئۆتۆمبێل ده‌ورێكى زۆر كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ دروست بوونى ئاگر ،چونكه‌ وه‌كو ده‌زانین كه‌  بریندار بونێكى هه‌ر وایه‌رێك كه‌ وزه‌ى گه‌رم بگوازێته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى دروست بوونى شۆرتى كاره‌بایى كاتێك كه‌ به‌ر به‌شێكى ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كه‌وێت یان به‌ وایه‌رێكى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى سارد بكه‌وێت كه‌ئه‌م شۆرته‌ كاره‌باییه‌ شه‌راره‌یه‌ك یان سپاركێك دروست ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆى دروست بوونى ئاگر.
   وه‌ لێره‌دا پێم باشه‌ باسى جۆره‌ هه‌ڵس و كه‌وتێكى هه‌ڵه‌ بكه‌م كه‌ له‌ڵاى هه‌ندێك شوفێر هه‌یه‌ ئه‌ویش فوول كردنى فیوزه‌كانى سیسته‌مى كاره‌باییه‌ ، چونكه‌ وه‌كو ده‌بینین له‌هه‌ر ئۆتۆمبێلێك بۆكسێك هه‌یه‌ كه‌ فیوزى هه‌موو بازنه‌ كاره‌باییه‌كانى تێدایه‌ وه‌ له‌كاتى بوونى شۆرت له‌هه‌ر بازنه‌یه‌كى كاره‌بایى فیوزى ئه‌و بازنه‌یه‌ ده‌سوتێت و له‌كار ده‌كه‌وێت.
   جا شوفێرانى ئێمه‌ هه‌ندێك جار چى ده‌كه‌ن هه‌ڵده‌ستن ئه‌و فیوزه‌ فول ده‌كه‌ن و پارچه‌یه‌ك وایه‌رى بۆ داده‌نێن كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ دروست بوونى ئاگر.
   له‌به‌رچى؟
  چونكه‌ كاتێك كه‌ شۆرتێك یان به‌ریه‌ككه‌وتنێك له‌ بازنه‌یه‌ك ڕووده‌دات فیوزه‌كه‌ ده‌سوتێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ تۆ ده‌بێت بزانیت كه‌وا (خلل) ێك یان كێشه‌یه‌كى كاره‌بایى هه‌یه‌و تۆ پێویسته‌ (خلل)ه‌كه‌ چاك بكه‌یت. وه‌ به‌چاك نه‌كردنى (خلل)ه‌كه‌ و فول كردنى فیوزه‌كه‌ (خلل)ه‌كه‌ به‌رده‌ام ده‌بێت و ئاگر دروست ده‌كات.
   جا بۆیه‌ وا چاكتره‌ له‌ كاتى سوتانى فیوزى هه‌ر بازنه‌یه‌ك بچێته‌ لاى وایه‌رمه‌نێك بۆ پشكنینى و دۆزینه‌وه‌ى (خلل)ه‌كه‌.
   سێیه‌م هۆكار: بریندار بوونى ئه‌و كێبلانه‌ى كه‌ ئاگر بۆ پلاكه‌كانى ئۆتۆمبێل ده‌گوازنه‌وه‌ ئه‌وانیش ده‌ورێكى زۆر كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ دروست بوونى ئاگر ،بۆیه‌ پشكنینى ئه‌و كێبلانه‌ نابێت پشت گوێ بخرێن  زۆر ئاسانه‌ و هه‌ر یه‌كه‌مان ده‌توانین ئه‌نجامى بده‌ین له‌ماڵه‌وه‌.
   كه‌ ده‌توانین ئه‌م پشكنینه‌ له‌كاتى شه‌و ئه‌نجامى بده‌ین و شوێنه‌كه‌ تاریك بكه‌ین بۆلینتى ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌و بزوێنه‌ره‌كه‌ به‌كار بێخن وه‌ له‌كاتى بینینى هه‌ر سپاركێك له‌كاتى كاركردنى بزوێنه‌ره‌كه‌ماناى دزینى به‌شێكه‌ له‌ وزه‌ى گه‌رم كه‌ ئاگر ده‌بێته‌وه‌.
   چواره‌م هۆكار: ته‌قین و دڕانى سیسته‌مى ده‌نگ و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى گازه‌ سوتێنراوه‌كان كه‌ گزۆزى پێده‌لێن ئه‌ویش ده‌ورێكى كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ دروست بوونى ئاگر به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر دزینێك یان ته‌قینێك له‌ بۆڕَییه‌كانى به‌نزینیش هه‌بێت.
   پێنجه‌م هۆكار:جگه‌ره‌ خواردن له‌ ناو ئۆتۆمبێل به‌تایبه‌تى له‌كاتى لێخوڕین هۆكارێكى تره‌ بۆ ڕوداوى سوتانى ئۆتۆمبێل كه‌ نابێت پشت گوێى بخه‌ین وه‌ ئه‌و حاله‌ته‌ كاریگه‌رى زیاتریشى ده‌بێت له‌كاتى به‌نزین تێكردندا.
   جاله‌به‌ر ئه‌م هه‌موو هۆیانه‌ى كه‌ باسمان كرد بۆیه‌ بوونى ئاگركوژێنه‌وه‌ به‌ مه‌رجێكى زۆر گرنگ داده‌نرێت بۆ ئۆتۆمبێل وه‌ ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ى ئاگر كوژێنه‌وه‌ى لێ داده‌نرێت هه‌تاوه‌كو ده‌كرێت له‌ شوێنى شوفێر نزیك بێت و له‌وێ دابنرێت نه‌ك وه‌كو هه‌ندێك شوفێرى ئێمه‌ كه‌ له‌ناو صندوقى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى داده‌نێت و   كاتێك له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كى هاتوچۆ ڕاى ده‌گرن داواى ئاگر كوژێنه‌وه‌ى لێ ده‌كه‌ن نیو كاتژمێر بۆى ده‌گه‌ڕێت ئینجا ده‌یدۆزێته‌وه‌  ئه‌دى ئه‌گه‌ر له‌كاتى دروست بوونى ئاگر و مشه‌وه‌شیدا چۆن ده‌یدۆزێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ هیچت بۆ ناكرێت . و ده‌بێت جگه‌ره‌یه‌ك له‌دیار ئۆتۆمبێله‌كه‌ته‌وه‌ پێ بكه‌یت و تاوه‌كو ئاگرى ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كوژێته‌وه‌.

 

           ڕائدى هاتوچۆ
         فاضل حاجى حسێن
به‌رپرسى به‌شى ڕاگه‌یه‌ندنى هاتوچۆى هه‌ولێر