3386
2014-11-13
چى بكه‌ین له‌ كاتى ته‌قینى تایه‌ى ئۆتۆمبێله‌كانمان؟

                             چى بكه‌ین له‌ كاتى ته‌قینى تایه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌مان
به‌ڕێزان چۆن ده‌توانین تایه‌كانى ئۆتۆمبێلمان بپارێزین بۆ ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نیان درێژ بێت و توشى ئه‌گه‌رى ڕووداوى هاتوچۆمان نه‌كات .
هه‌رچه‌نده‌ ئاگامان له‌ تایه‌كانى ئۆتۆمبێلمان بێت به‌لام جارى وا هه‌یه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت له‌ كاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا یه‌كێك له‌ تایه‌كان ده‌ته‌قێت و له‌نگه‌رى ئۆتۆمبێله‌كه‌مان تێك ده‌چێت به‌شێوه‌یه‌كى كتوپڕ و له‌ناكاو كه‌ ئه‌مه‌ (موقف) ێكى زۆر ناخۆشه‌و مه‌ترسیداره‌ و هیوادارم كه‌سمان توشى نه‌بین.
به‌لام ئه‌گه‌ر تووشى بوین چى بكه‌ین ؟
به‌ڕاستى له‌م جۆره‌ حاله‌تانه‌ كه‌ حاله‌تى له‌ ناكاون و هه‌موو شوفێریكیش وا ڕاهاتووه‌ له‌ كاتى هه‌ر بارێكى له‌ ناكاو دا برێك بكات بۆیه‌ زۆر جار له‌ كاتى ته‌قینى تایه‌ زۆر له‌ شوفێران تووشى ڕوداو بوونه‌و كۆنترۆلیان له‌ ده‌ست داوه‌ .
ئه‌ى باشه‌ چى بكات شوفێر بۆ ئه‌وه‌ى له‌م حاله‌ته‌ له‌ ڕوداو دور بێت ؟
1ـ یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌ پێویسته‌ بیكات ده‌بێت به‌ هه‌ردووك ده‌ستى سوكان ( ستێرنى ) ئۆتۆمبێله‌كه‌ توند بگرێت بۆ ئه‌وه‌ى كۆنترۆل له‌ ده‌ست نه‌داو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له‌نگه‌رى تێك نه‌چێت به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ترسیدار، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ته‌قینى تایه‌ یه‌كسه‌ر ئه‌و لایه‌ى كه‌ تایه‌كه‌ى ده‌ته‌قێت نزم ده‌بێته‌وه‌ و به‌مه‌ش لاسه‌نگى ئۆتۆمبێل نامێنێت و هه‌موو قورسایى ئۆتۆمبێ به‌ره‌و ئه‌و لایه‌ ده‌چێت كه‌ نزم بۆته‌وه‌ .
جا بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو كاتێك شوفێر به‌ هه‌ ردووك ده‌ستى ستێرنى یان ( سوكانه‌كه‌ى ) بگرێت و بۆ پۆزلێدان ته‌نها به‌ یه‌ك ده‌ست لێنه‌خوڕێت ، چونكه‌ تۆ نازانیت كه‌ى تایه‌كه‌ت ده‌ته‌قێت و له‌نگه‌رت تێك ده‌چێت واتا بارى له‌ ناكاو كه‌ دێت پێشبینى نه‌كراوه‌ .
2ـ هه‌نگاوى دووه‌م : به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قاچت بۆ لاى پایده‌رى برێك نه‌به‌یت ، چونكه‌ برێك كردن ده‌بێته‌ هۆى وه‌رگه‌ڕان .
ئه‌ى باشه‌ چى بكه‌م بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خێرایى ئۆتۆمبێله‌كه‌م؟
له‌ ڕێگاى كلاچ كردن و گۆڕینى گێڕى ئۆتۆمبێل له‌ گێڕى سووك بۆ قورس به‌ره‌ به‌ره‌ خێرایى كه‌م بكه‌وه‌ وه‌ هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌كى هێواش برێكى ده‌ست (هاند برێك) به‌كار بهێنه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خێرایت ..
3ـ دواى كه‌مكردنه‌وه‌ى خێرایى ئینجا لاده‌ لایه‌كى ڕێگا بۆ گۆڕینى تایه‌كه‌ت .
به‌لام له‌ بیر نه‌كه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى توشى خۆ پیا كێشانى نه‌بێت له‌ دواوه‌ چوار فلاشه‌كه‌ت دا بگیرسێنه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌ قینى تایه‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت كه‌وا بارێكى له‌ ناكاو هه‌یه‌ .
وه‌ ئه‌وه‌ى باسمان كرد و ده‌تپارێزیت له‌ ڕوداو ئه‌گه‌ر له‌ كاتى ته‌قینى تایه‌كه‌ خێراییه‌كه‌ت یاسایى بێت و زۆر خێرا نه‌بێت به‌لام ئه‌گه‌ر خێرایت زۆر بێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى كه‌ باسمان كرد كاریگه‌ر نابن .
جا بۆیه‌ شوفێرى به‌ڕێز خێرا لێمه‌خوڕه‌ ..

 

ڕائدى هاتوچۆ
فاضل حاجى حسێن
به‌رپرسى به‌شى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر