2424
0000-00-00
زیاد بوونى ڕێژه‌ى ڕوداو له‌ناو گه‌نجه‌كاندا

                           زیاد بوونى ڕێژه‌ى ڕوداوى هاتوچۆ له‌ ناو گه‌نجان
له‌ ئامارى ڕوداوه‌كانى هاتوچۆى ساڵى 2013 ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هولێر ده‌ركه‌وت كه‌وا ڕێژه‌ى 58% ى ئه‌و شوفێرانه‌ى كه‌ تووشى ڕوداوى هاتوچۆ بوونه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 16 تاوه‌كو 25 ساڵى دایه‌ .
كه‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ له‌ ڕووى زانستى ده‌رونناسییه‌وه‌ به‌ قۆناغى هه‌رزه‌ كارى ناوزه‌ند ده‌كرێت.
كه‌ ئه‌م ڕێژه‌ زۆره‌ پێویستى به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنێك هه‌یه‌ بۆچى له‌م قۆناغه‌ و له‌و ته‌مه‌نه‌ مرۆڤ زیاتر تووشى ڕوداوى هاتوچۆ ده‌بێت ؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ ڕووى جه‌سته‌ و تواناى عه‌قلیه‌وه‌ مرۆڤ له‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵى تاوه‌كو 25 ساڵى له‌ هه‌ڕه‌تى توانا و هێزى جه‌سته‌یى و عه‌قڵییه‌؟"
به‌ بۆچوونى من كه‌ شاره‌زاییه‌تیم هه‌یه‌ له‌ بوارى ده‌رونناسى پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م هه‌سته‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌ى كه‌ جه‌سته‌ و مێشكى هه‌ر هه‌رزه‌كارێك داده‌پۆشێت كاتێك كه‌ له‌ پشتى ستێرنى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى داده‌نیشێت و ئه‌م هه‌سته‌ درۆزنه‌ واى نیشان ده‌دات كه‌وا ئه‌و چاكترین و باشترین و به‌هێزترینه‌، وه‌ هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ درۆزنه‌ واى نیشان ده‌دات كه‌وا ئه‌م ئامێره‌ ئاسنینه‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌ قاچ داگرتنێكى ئه‌و ده‌ڕوات به‌ خێراییه‌كى زۆر وه‌ كۆنترۆڵیش ده‌كرێته‌وه‌ دیسان به‌ قاچ و ده‌ستى ئه‌و كه‌ ئه‌م هه‌سته‌ ده‌توانین ناوى بنێن (بڕوا به‌ خۆ بوون) وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ركه‌سێك بپرسێت به‌ڵام یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانى دروستى ده‌روونى هه‌ركه‌سێك بڕوا به‌خۆ بوونه‌ .
به‌ڵێ وایه‌ (بڕوا به‌خۆ بوون ) یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌كانى دروستى ده‌روونى ،به‌ڵام كاتێك كه‌ بڕوا به‌ خۆ بوون زیاد له‌ ڕاده‌ى پێویست بوو ئه‌وكاته‌ ده‌بێته‌ نه‌خۆشى ،چونكه‌ بڕوا به‌ خۆ بوونى زیاد له‌ ڕاده‌ى پێویست وا ده‌كات ئه‌م مرۆڤه‌ خۆى وه‌كو سوپه‌رمان بێته‌ به‌رچاو له‌ كاتێكدا وا نییه‌
وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ماى سوپه‌رمانیه‌ش هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كات بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع كاتێك تووشى هه‌ر گۆڕانكارییه‌كى خێرا ده‌بێت ناتوانێت وه‌كو پێویست خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكاریه‌ ڕا بهێنێت بۆیه‌ تووشى هه‌ڵه‌ و ڕوداو ده‌بێته‌وه‌ .
بۆیه‌ من لێره‌ ڕێنمایى شوفێره‌ گه‌نجه‌كانمان ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم كه‌وا شوفێرى كارێكى زۆر قورسه‌ و شاره‌زاییه‌كى باشى ده‌وێت كه‌ ئه‌م شاره‌زاییه‌ش له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونى كات به‌ره‌به‌ره‌ زیاد ده‌بێت بۆیه‌ نابێت هه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌ر گرتنى مۆڵه‌تى شوفێرى خۆیان به‌ شوفێرێكى زۆر باش و لێهاتوو بێته‌ به‌رچاو ، وه‌ ده‌بێت بزانن كه‌وا چۆن به‌ ئاسانى ئۆتۆمبێل خێراییه‌كه‌ى زیاد ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌ ئاسانى خێراییه‌كه‌ى كه‌م نابێته‌وه‌ ،چونكه‌ تواناى ڕاگرتنى هێزێكى زۆرترى ده‌وێت كه‌ ئه‌م هێزه‌ش له‌ ئۆتۆمبێله‌كاندا دیارى كراوه‌ .


                                                  ڕائدى هاتوچۆ
                                               فاضل حاجى حسێن
                                  به‌رپرسى به‌شى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر